دەستەى دەستپاکى پلانى ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى رادەگەیەنێت

سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە پلانى ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵییان بۆ چوارساڵى داهاتوو ئامادە کردووە و بەم نزیکانە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەسەر دەدات، دواى پەسەندکردنیشى دەچێتە بارى جێبەجێکردنەوە. د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەمەبەستى دژایەتیکردنى گەندەڵى دەستەى دەستپاکى پلانی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى بۆ چوار ساڵى داهاتوو ئامادەکردووە، پلانەکە چەندین بابەتى پەیوەندیدارى بەو بوارەی لەخۆ گرتووە، کە چەندین وڵات کارى پێدەکەن و پێوەرێکە لەلایەن رێکخراوەکان و کۆمەڵەى نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پەسەندە”. راشیگەیاند: “ستراتیژییەتەکە خاڵە بەهێز و لاوازەکانى فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى تێدایە، سەربارى چۆنییەتى دژایەتیکردنى گەندەڵى و دۆزینەوەى رێگەچارەکان بۆ کێشە و گرفتەکان”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “بڕیارە ستراتیژییەتەکە بخرێتە بەرنامەى کۆبوونەوەکانى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزیران، دواى بڕیاردان لەسەرى دەچێتە بارى جێبەجێکردنەوە”.