سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین رایگەیاند وێڕاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا پڕۆسەى خوێندن بەشێوەیەکى زۆر باش بەڕێوەدەچێت و تائێستا زیاتر لە 85%ى پڕۆگرامى خوێندنى ئەمساڵ تەواوکراوە و دواى جەژنیش تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەرێن. پ.د.جەوهەر فەتاح، سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “وێڕاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا وەکو زانکۆى سەلاحەدین پڕۆسەى خوێندنى ئەمساڵمان لە 4/10/2020 دەستپێکرد، ئەمەش دواى بڕیارێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ دەستپێکردنەوەى خوێندن بەشێوەى سیستەمى ئاوێتە، واتا ئەو وانانەى کە سەرەکى و پراکتیکین دەبێ لەناو کامپەسى زانکۆکان بخوێندرێن، ئەو وانانەشى کە نا سەرەکى و تیۆرین بەشێوەى ئەلیکترۆنى و ئۆنڵاین و دەخوێندرێن”. راشیگەیاند: “بەپێى سیستەمى ئاوێتە دەسەڵات دراوە بە کۆلێژ و سەرۆکى بەشەکانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەوەى بڕیار بدەن چ وانەیەک پێویستە لە ناوکامپەسى زانکۆکان بەشێوەى پراکتیکى بخوێندرێ، چ وانەیەکیش بەشێوەى ئەلیکترۆنى ئۆنڵاین بخوێندرێ، ئەمەش لە بەشێک بۆ شەشێک و کۆلێژێک بۆ کۆلێژێکى دیکە جیایە”. ئاماژەى بەئەوەش کرد: “وێڕاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا پڕۆسەى خوێندن بەشێوەیەکى زۆر باش بەڕێوەدەچێت و تائێستاش زیاتر لە 85%ى پڕۆگرامى خوێندنى ئەمساڵ تەواوکراوە، دواى جەژنى رەمەزان و لە کۆتایی مانگى شەش تاقیکردنەوەکانى کۆتایی ساڵ دەستپێدەکەن”.