گەشتوگوزاری سۆران: لە رۆژانی جەژن سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان كراوە دەبن

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند کە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا سەرجەم ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكەیان بەڕووی گەشتیاران كراوە دەبن و رێنوێنیش بە خاوەنی سەیرانگەكان دراوە. بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەرچوار قەزاكانی (سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان) لە خۆدەگرێت، كە دەیان سەیرانگە و شوێنی گەشتیاری لەم ناوچانە بوونیان هەیە و لە سەرجەم وەرزەكانی ساڵ گەشتیاران روویان تێدەكەن، بەتایبەتیش لەكاتی ئاهەنگ و جەژن بۆنەكاندا ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روو لەو سەیرانگایانەی دەڤەرەكەمان دەكەن”. گوتیشی: “بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان سەرجەم سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان بەڕووی گەشتیارانەوە كراوە دەبن، بەڵام بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆی شارەكانی عێراق و داخستنی بازگەكان، گەشتیاری شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ناتوانن گەشت بكەن، بۆ ناوچە گەشتیاریەكانی سنوورەكەمان و هەرێمی كوردستان”. ئاماژەشی بەوەدا، خاوەن سەیرانگە و ئەو كەسانەی لە شوێنە گەشتیارییەكان كاردەكەن، ئاگادارمان كردوونەتەوە كە پابەندی رێنوێنییەکانی تەندروستی بن، هەروەها نرخی شوێن و خواردن و كاڵاكان بەرز نەكەنەوە، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە.