یوسف محەمەد بۆ بەرژەوەندی سیاسی و کەسیی خۆی دەست بەسەر پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دادەگرێت

یوسف محەمەد، پەرلەمانتاری گروپی هیوای هەڵوەشاوە لە بەغدا، بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی و کەسیی خۆی دەستی بەسەر ڕێکخراوی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن داگرتووە و بەو هۆیەوە ئەندامێکی ڕێکخراوەکە سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی رێکخراو و یوسف محەمەد وەکو ئەندامی بۆردی ڕێکخراوەکە لە دادگاکانی سلێمانی تۆمار کردووە، ئەو ئەندامە ئاماژە بەوەش دەدات کە بوونی یوسف محەمەد لە بۆردی رێکخراو ناپەیڕەوییە، پەیڕەویی ناوخۆیی رێکخراو، بەڕوونی دەڵێت” نابێت ئەندامی بۆرد ئەندامی حزبی سیاسی بێت”. ‎لەمبارەیەوە هەڵشۆ عبدولفەتاح ئەندامی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند: “گروپێکی سیاسی بەسەرۆکایەتی یوسف محەمەد، خەریکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی کاری ڕێکخراوەیی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەكەن، بەشێوەیەک دەیانەوێ تەواوی ئەجێندا و بەرنامەی خۆیانی تێیدا جێبکەنەوە، کە ئەویش خۆی لەتاکڕەویی و تاپۆکردنی خاوەندارێتی رێکخراو لەسەر یەک کەس دەبینێتەوە”. گوتیشی: “سەرەتای ئەو کارە زۆر نامەدەنی و زۆر دژ بە کاری رێکخراوەیی بوو، کە بە گۆڕینی كێلۆن و كلیل و قوفڵی رێكخراو دەستی پێكرد لە لایەن (ئارام جەمال) بەڕێوەبەری رێكخراوەكەوە، كە ئەم كارە دوورە لە ئەخلاقی كاری رێکخراوەیی و کۆمەڵی مەدەنی، دواتر بەوەشەوە نەوەستا كۆنترۆڵی هەموو ڕێكخراوەكەی كرد، تاك لایەنانە بڕیاری دەدا و دەستە و ستافی ڕێكخراوی بە ناڕاستەوخۆ هاندەدا تا دەرم بکەن لەو رێكخراوە، کە خۆم بە خاوەنی دەزانم لەگەڵ ئەوەشدا کۆنترۆڵکردنی سەرجەم کاروبارێکی دارایی و کارگێڕی و چالاكی رێکخراوەکەی كردووە و سەرجەم بودجە و میزانییەی رێکخراو لەدەستی خۆیەتی، لەكاتێكدا ئەو و ڕێكخراوەكەش كار لەسەر هەڵبژاردن و لامەركەزیەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەكات، بەڵام بەداخەوە دەتوانم بڵێم ئەوەی لەدەرەوەی رێکخراو شەڕی لەسەر دەکەین، لەناو خۆماندا زۆر کۆڵەوار و نارێک و هەندێکجار خراپتریشە”. ئەو ئەندامەی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن ئاماژەی بە ئەوەش دا، دوای هەوڵی زۆری بێئەنجام لە ناوخۆی رێکخراو بە ناچاری داوای یاساییان لە دادگا تۆمارکردووە، “چونکە ئێستا رێکخراوەکە بەرەو مۆدێلێکی زۆر خراپتر لە حزبەکان دەڕوات، ئەمەش بەهۆی پشتیوانیكردنی لەلایەن گروپێکی سیاسی کە سەرۆکایەتی لەلایەن (یوسف محەمەد) پەرلەمانتاری عێراق دەکرێت کە ئەندامی بۆردی رێکخراوەکەیە و خەریکە بۆردی رێکخراوەکەش بە هەڵەدا دەبات و سەرسەختانە بەرگری لەبەرێوەبەر و رێکخراو و رفتارەکانی دەکات. دەشڵێ: “ئەوەی یوسف محەمەد دەیکا تەواو پێچەوانەی هەموو پرەنسیپەکانی یاسا و کۆمەڵی مەدەنییە، هەروەها بۆ خۆی بوونی ئەو پەرلەمانتارە لە بۆردی رێکخراو ناپەیڕەوییە، ئەمەش بەپێی ماددەی هەشت، بڕگەی پێنجەم لە پەیڕەویی ناوخۆیی رێکخراو، کە بە ڕوونی دەڵێت نابێت ئەندامی بۆرد ئەندامی حزبی سیاسی بێت کە یوسف محەمەد بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە واز لە ئەندامییەتی رێکخراوەکە بهێنێت، بەڵکو ئامانجی کۆنترۆڵکردنییەتی”. هەڵشۆ عەبدولفەتاح، گوتیشی: “هەموو ئەم سزا و مامەڵە دوژمنکارانە بەرامبەرم لەکاتێکدایە کە هیچ بەرژەوەندییەکی داراییم لەو رێکخراوەدا نییە و بەشێوەیەکی تەواو بەخۆبەخشی کاردەکەم و تەنیا ئامانجم خزمەتکردنە لەو بوارەدا، بەڵام تەنیا تاوانی من لای ئەو کەسانە گوێڕایەڵ نەبوون و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیانە کە بڕیارەکانیشیان پێچەوانەی پرەنسیپەکانی (کاری پێکەوەیی و کۆمەڵی مەدەنی، دامەزراوە و مافی مرۆڤ، لامەرکەزییەت)ە”. ناوبراو روونیشیکردەوە کە ئێستا کەیسەکەیان لەدادگایە و چاوەڕێ دەکەن دادگا بڕیاری دادپەروەرانەیان بۆ بدات، لەهەمان كاتیش فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی لێی ئاگادار كردووەتەوە و لە بەڕێوەبەرایەتی یاسا سەر بە فەرمانگەکانیش سكاڵای لەسەریان تۆمار کردووە، گوتیشی: “ئێستا گرنگە ئەنجوومەنی باوەڕپێکراوان (بۆرد)ی رێکخراو بە جدی رێگری لەو نییەتە سیاسییە بکەن و بەربەستی بۆ دابنێن و چاکسازی و بەدامەزراوەیی لەناو رێکخراوەکەوە دەستپێبکەن. ئەگەرنا رێکخراوەکە لەگەڵ سەرجەم ئەو بانگەشانەی دەیکات خاڵی دەبێتەوە و بەڵکو هۆکارێکی زیاتریش دەبێت بۆ فریودانی کۆمەڵگە و خراپکردنی دۆخی رێکخراوەیی و دامەزراوەیی لەهەرێمی کوردستان”.