سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ هەینی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پڕۆژە یاساى ماف و ئیمتیازاتى فەرمانبەرانى یاسایی لە هەرێمى کوردستان بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە بەوەی ناوەڕۆکى پڕۆژەکە کۆمەڵێک کەموکورتى و سەرپێچى یاسایی و تەنانەت دەستووریشى تێدایە. لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە “دوێنى لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن نووسراوێکى وەزارەتى داراییى بڵاو کرایەوە، کە ناوەڕۆکەکەى بریتى بوو لە پڕۆژەیاساى ماف و ئیمتیازاتى فەرمانبەرانى یاسایى لە هەرێمى کوردستان، کە ڕەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کراوە، وەک لە نووسراوەکەیان هاتووە بەمەبەستى بە یاساییکردنى پڕۆژەکەیە”. سەندیكاكە دووپاتی كردووەتەوە “ئێمە کە وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، سەرەتا ئەوپەڕى پاڵپشتی و هاوکارى بۆ فەرمانبەرانى یاسایی لە داموودەزگاکانى حکوومەت ڕادەگەیەنین و هەمیشە پێمان وابووە ئەوان توێژێکى کارا و هەستیارى فەرمانگەکانى دەوڵەتن و ئەرکى سەرشانیان قورسە و پێویستە ماف و ئیتمتیازاتى تایبەتیان پێ ببەخشرێت و بە گوێرەى هەستیارى ئەرکەکانیان، مافیان پێ بدرێت، بەتایبەتى لە ڕووى پێدانى دەرماڵە و بەرزکردنەوەى مووچەکانیان و فەراهەمکردنى بژێوییەکى گونجاو بۆیان”. ئاماژەشی بەوە داوە “وەک دەردەکەوێت ناوەڕۆکى پڕۆژەکە کۆمەڵێک کەموکورتى و سەرپێچى یاسایی و تەنانەت دەستووریشى تێدایە، ناکۆکە لەگەڵ بەشێک لە یاساکانى بەرکار لە هەرێمى کوردستان و هەندێک بڕگەى زیان بە بەرژەوەندیى گشتی و یاسایی دەگەیەنێت، بەتایبەت خودى ئەو فەرمانگانەى کە فەرمانبەرانى یاسایی دەوامى لێ دەکەن”. سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە كۆتاییدا نووسیویەتی “لە ماوەى داهاتوو، بەشێوەیەکى وردتر و خاڵبەندى، گشت ئەو خاڵە نەرێنییانەى پڕۆژەکە دەخەینە ڕوو و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانى کوردستانى لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هاوکاریکردن لە ڕاستکردنەوە و هەموارکردنەوەى بڕگەکانى پڕۆژە یاسایەکە، کە بەجۆرێک ئەو ماف و ئیمتیازاتانەى کە پێویستە بۆ فەرمانبەرانى یاسایی فەراهەم بێت، لە پڕۆژەیەکى دەوڵەمەندتر و باشتر بێتە دى”.