ئۆپۆزسیۆنی توركیا: وڵاتەکەمان کەوتووەتە دەست مافیا

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) داوا دەكات توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانییەوە، چونكە ”وڵات كەوتووەتە دەست مافیا و چەتەکان“. کەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردووەتەوە، ”پێویستە هەموومان داوای گەردن ئازایی لە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەركۆماری توركیا بكەین، چونكە ناتوانێت لە هەڵبژاردن سەربکەوێت“. کەمال کلیچدارئۆغڵو پەیامێکی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی بە تایبەت گەنجان ناردووە و رایگەیاندووە: ”ئەی لاوەكانی وڵات، هیچ خەم مەخۆن، ئەو رۆژە دێت ئەم دەسەڵاتە شەرم لە خۆی بكاتەوە. بەڵێنم پێداون وڵاتێكی پاك و بێگەر بونیاد بنێین، وڵات نادەینە دەستی مافیا و چەتەكان تا قووتمان بدەن“. سەرۆکی جەهەپە، کە حزبەکەی گەورەترین حزبی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، داوای کردووە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە تورکیا، بەڕێوە بچێت.