ئەحمەدی نەژاد بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێرانی کرد

مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران، پاش ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێریی ئێرانەوە، ڕای گەیاند بەشداریی هەڵبژاردن ناکات و بە فەرمی نایناسێت. ئەحمەدی نەژاد لەمبارەوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕەخنەی توندی لە ئەنجوومەنی چاودێری گرتووە و ڕەتکردنەوەی خۆی بە نایاسایی لەقەڵەم داوە و ڕای گەیاندووە من لەسەر داوای زۆری خەڵک خۆم کاندید کردووە. سەرکۆماری پێشووی ئێران ئاشکرای کردووە: “دەبێ بەرپرسان بێنە سەر تەلەفزیۆن و لە بەرنامەیەکدا بە ئامادەبوونی خۆم، ڕای بگەیەنن کە بۆچی منیان ڕەت کردووە و منیش وەڵام بدەمەوە”. ڕەتکرانەوەی سێ کاندیدی ناسراوی وەک “مەحموود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری” لە لایەن ئەنجوومەنی چاودێریی دەستووری ئێرانەوە کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە و بووەتە مژاری ناو باڵە سیاسییەکانی حکوومەتی ئێران. لەکۆی ٥٩٢ کاندید بۆ سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران، تەنیا حەوت کەس شیاوبوونیان پەسەند کراوە و لە پێشبڕکێی هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن. ئەو حەوت کەسەی کە لە لایەن ئەنجوومەنی چاودێرییەوە پەسەند کراون بریتین لە: ”ئیبراهیم ڕەئیسی، موحسین ڕەزایی، موحسین مێهر‌عەلیزادە، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، عەبدولناسر هیمەتی و ئەمیرحوسێن قازی‌زادە هاشمی”. لە ئێران پۆستی سەرکۆماری دوای ڕێبەر باڵاترین پۆستی سیاسیی وڵاتە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێت و هەتا ئێستا ئەم حەوت کەسە پۆستی سەرکۆماریی ئێرانیان هەبووە: ئەبوولحەسەن بەنی سەدر، محەمەدعەلی ڕەجایی، عەلی خامنەیی، ئەکەبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕۆحانی و هەتا ئێستا دیار نییە لەناو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێراندا کێ دەبێتە هەشتەمین سەرکۆماری ئێران. بڕیارە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە هەزار و ٣٧٢ شار و ٤٣ هەزار و ٦٢٠ گوند، ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.