سەبارەت بە پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست پەرلەمان بانگهێشتی سێ وەزیر دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی سێ وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان  لە رێگەی لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: “لەسەر داوای ئێمە وەک لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەبارەت بە پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بانگهێشتی هەرسێ وەزیری (پەروەردە، خوێندنی باڵا و دارایی)مان کردووە”. ئاماژەی بە ئەوەش دا: “بانگهێشتکردنەکە بۆ ئەوەیە کە لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕێککەوتی ٢ی حوزەیران ئامادەبن و وەڵامی پێویست لەسەر ئەو پرسانە وەرگرین و هەنگاوەکان خێراتربن بۆ دامەزراندنیان و چارەسەرکردن و بەدەنگەوەهاتنی داوا ڕەواکانیان”.