راوێژکارێکی سەربازی، کە دۆستی فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی ئێرانی بوو، لە سووریا کوژرا. بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، حەسەن عەبدوڵڵازادە، راوێژکاری سەربازیی ئێران لە سووریا، لەسەر رێگەی نێوان تەدموور و دێرەزوور، کوژراوە. زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە حەسەن عەبدوڵڵازادە و یاوەرێکی بەناوی موحسین عەباسی کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کوژراون. میدیا ئێرانییەکان ئاماە بەوە دەکەن، کە حەسەن عەبدوڵڵازادە یەکێک بوو لە دۆستانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، کە لە رۆژی 3-1-2020 لە ئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا کوژرا. دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، ئێران بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری پاڵپشتیی خۆی بۆ رژێمی سووریا راگەیاندووە.
دۆستێکی قاسم سولەیمانی لە سووریا کوژرا
