لە شاری كەركووك، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە زیادی كردووە و 10 بارزگانی مادە هۆشبەرەكان لە شارەكە دەستگیر كراون. لەمبارەو عەمید هوما بەرزنجی، بەڕێوەبەری نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكانی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەفتەی ڕابردوو لە چەند شوێنێكی شاری كەركووك، لە چەند هەڵمەتێكدا توانراوە 10 بازرگان و فرۆشیاری مادە هۆشبەرەكان كە كڕین و فرۆشتنیان بەو مادانەوە كردووە، دەستگیر بكرێن”. گوتیشی: “بابەتی بازرگانیكردن یاخود بەكارهێنانی ئەو مادانە لەسەر كات و سات كەوتووە، ئەگەر بزانرێت كۆنترۆڵ نییە و مەفرزەكان لەسەر جادەكان ناسووڕێنەوە، ئەوكاتە ئیتر مادەی هۆشبەر دەهێنرێتە ناو شارەوە و ئێمە زانیاریمان پێ بگات لەسەر بارزگانیكردن، یان بەكارهێنانی ئەو مادانە لێكۆڵینەوەی خۆمان دەكەین و درێغی ناكەین لە دەستگیركردنیان”. كەركووك پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 داگیر كرا و لەو كاتەوە جگە لە خراپیی دۆخی ئەمنیی شارەكە، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانیش زیادی كردووە و ئەمەش بووەتە نیگەرانییەکی دیکەی هاووڵاتییانی کەرکووک، هەرچەند ناوە بەناوە فرۆشیاران و بەرکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکانیش دەستگیر دەکرێن، بەڵام کەمتەرخەمیی هێزە ئەمنییەکان، بووەتە هۆی زیادبوونی مادە هۆشبەرەکان لە کەرکووک.