سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمی کوردستان رایگەیاند ناوچەیەکى گرنگى بازرگانیى نێودەوڵەتى لە هەولێر دروست دەکرێت، کە سەرجەم کەرتەکانى وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت. د. محەمەد شوکرى، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “هاوشێوەى وڵاتانى جیهان بڕیارە ناوچەیەکى گرنگى بازرگانیى نێودەوڵەتى لە هەولێر دروست بکرێت، ناوچەکە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکى وڵاتى ئیمارات جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش هەنگاوێکى گرنگە لە بە ئاراستەى پێشخستنى کەرتى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان”. راشیگەیاند: “ئەو ناوچە بازرگانییەى کە بڕیارە لە هەولێر دروست بکرێت ناوەندێکى زۆر گرنگە چونکە سەرجەم کەرتەکانى وەبەرهێنان لە خۆدەگرێت، لەوانەش کەرتى پیشەسازى و بازرگانى، گەشتیارى و نیشەجێبوون و چەندین کەرتى دیکە، گفتوگۆى باشمان لەگەڵ کۆمپانیاکە کردووە لەسەر پڕۆژەکە و زانیاری تەواومان پێداون”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “دەستەى وەبەرهێنان تەواوى ئاسانکاری بۆ هەر کۆمپانیا و وەبەرهێنەرێک دەرەخسێنین، کە بیانەوێ لە کوردستان سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ، دۆخى هەرێمى کوردستانیش زۆر لە بارە بۆ ئەوەى سەرمایەداران بێن لێرە سەرمایەگوزارى بکەن و پڕۆژەى وەبەرهێنان جێبەجێ بکەن”.