ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو دەبێتە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. رۆژی هەینی 11-6-2021، پێنج وڵاتی نوێ، لە شوێنی پێنج ئەندامی ئێستا، ئەندامێتیی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان وەرگرت. ئەو وڵاتانە، کە بریتین لە ئیمارات، بەرازیل، گابۆن، گانا و ئەلبانیا، بۆ دوو ساڵ (2022 و 2023)، دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنەکە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی و 10 ئەندامی ناهەمیشەیی، کە بۆ دوو ساڵ دەبنە ئەندام، پێک دێت. ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بریتین لە فەرەنسا، ئەمریکا، رووسیا، چین و بەریتانیا. ئەو ئەنجوومەنە تایبەتە بە گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر کێشەکانی جیهان، بەتایبەت کێشە ئەمنییەکان، کێشەی تیرۆر و ناکۆکیی وڵاتان.