ئەندامێکى لیژنەى سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەى نرخى بەنزین لە هەرێمى کوردستان، چەند پێشنیازێکیشیان بۆ چارەسەرى گرفتەکە ئامادە کردووە. گولیزار رەشید، جێگرى سەرۆکى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “ماوەیەکە نرخى بەنزین لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى زۆر زیادى کردووە ئەمەش بارگرانى بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە، بۆیە لیژنەکەمان ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەى خۆى ئەنجام دەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و چەند پێشنیازێکیشمان بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە ئامادە کردووە و ئاراستەى حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دەکەین”. راشیگەیاند: “هەرچەندە بەرزبوونەوەى نرخى نەوتى خاو و دابەزنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دوو هۆکارى کاریگەرن بۆ بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین، بەڵام ئێمە پێمانوایە دەکرێ لە رێگەى ئەو پێشنیازانەى ئێمە دەیدەین بە حکوومەت نرخى بەنزین لە هەرێمى کوردستان دابەزێت”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” ئەگەر رێگا بە کۆمپانیاى زیاتر بدرێت بەنزین لە دەرەوە هاوردەى ناوەوەى کوردستان بکەن، ئەوا نرخى بەنزین دادەبەزێت، چونکە کێبڕکێى نێوان کۆمپانیاکان دەبێتە هۆى رەخساندنى کەشێکى لەبارتر بۆ هاوردەکردنى بەنزین و بازاڕ ئازاد دەبێ، ئەوکاتیش بە دڵنیاییەوە نرخەکەى دادەبەزێت”.