كەسایەتییەكی دیاری شاری چەمچەماڵ، سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە بەدەم كێشەی ئاوی شارەكەی چووە و هەوڵی چارەسەركردنی دەدات. عەبدوڵای كوێخا موبارەك، كەسایەتیی چەمچەماڵ كە ماوەیەكە چووەتە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) چاوپێكەوتنێكی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بڵاو كردەوە كە تێیدا باسی لە دەست پێ كردنی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چەمچەماڵ دەكرد. عەبدوڵای كوێخا موبارەك لەپاڵ ڤیدیۆكەدا نووسیویەتی: “سوپاس و پێزانی زۆرمان بۆ بەدەمەوەھاتن و ھەوڵی دڵسۆزانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی چەمچەماڵ”. هاوكات سوپاسی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکوومەتیشی كردووە کە خەمخۆر و ھاوکار بوون لەم بابەتەدا. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، بۆڕییەكی گەورەی ئاو لە شارۆچكەی دووكانەوە بۆ چەمچەماڵ راكێشراوە، بەڵام لە لایەن كەسانی باڵادەست و سەر بە حزبی دەسەڵاتداری ئەو دەڤەرە، بۆڕییەكە زێدەڕۆییەكی زۆری كراوەتە سەر و لە چەندان شوێن بە نایاسایی كونكراوە و ئاوی لێ وەرگیراوە، بەم هۆیەشەوە بەشە ئاوی پێویست ناگاتە هاووڵاتیانی چەمچەماڵ.
عەبدوڵای كوێخا موبارەك سوپاسی بەدەمەوەهاتنی سەرۆكی حكوومەت بۆ كێشەی ئاوی چەمچەماڵ دەكات
