ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگایەكی وڵاتی ئیندۆنیسیا بڕیاری دا بانگخوازێكی ئیسلامی بە چوار ساڵ زیندانیكردن سزا بدات لەسەر شاردنەوەی تووشبوونی بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا. بانگخوازە ئیسلامییەكە بە ناوی رزق شەهاب دوای ئەوەی پشكنینی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای كردبوو و دەركەوتبوو تووشبووی پەتاكەیە، كەچی كەسانی دەوروبەری خۆی ئاگەدار نەكردبووەوە، بەڵكو بەردەوام بوو لە چوونە ناو قەرەباڵغی و تێكەڵبوونی بە خەڵكیەوە. بەم هۆیەوە ئەمڕۆ لیژنەیەك كە لە سێ دادوەر پێكهاتبوون، لە دادگای رۆژهەڵاتی جاكارتا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری پاسەوان لە ناوچەی دەوروبەری دادگاكە، بڕیار درا بانگخوازەكە بە چوار ساڵ زیندانی سزا بدرێت، چونكە بەهۆی شاردنەوەی ئەنجامی پشكنینەكە، كاری دەزگا تەندروستییەكانی ئەستەم كرد لە بەدواداگەڕانی ئەو كەسانەی پەتای كۆرۆنایان لەو گرتبووەوە. جێی باسە بانگخوازەكە لەوەتەی 13ی دیسەمبەری ساڵی رابردووەوە بەهۆی ئەو تۆمەتەوە لە زیندانە و ئەمڕۆ دادگا بڕیاری كۆتایی و حوكمەكەی بەسەردا سەپاند، ئەو ماوەی لە زیندانیش بووە لە چوار ساڵەكە دەبڕێت. میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردووەتەوە كە لە كاتی دادگاییەكەدا، هەزاران لایەنگری بانگخوازەكە بە شەقامەكانی دەوروبەری دادگاكەدا بڵاوبووبوونەوە و داوای ئازادكردنی تۆمەتبارەكەیان دەكرد، پۆلیسیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان گازی فرمێسكڕێژی بەكار هێناوە و ژمارەیەكی زۆری لە ناو خۆپیشاندەران دەستگیر كردووە.
بانگخوازێكی ئیسلامی لەسەر شاردنەوەی تووشبوونی بە كۆرۆنا چوار ساڵ زیندانی دەكرێت
