كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، دیسان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ توركیا کردووە و دەڵێت درەنگ یان زوو دەبێت ئەم دەسەڵاتە بگۆڕدرێت و دەبێت لەو تاریكییە رزگارمان ببێت. كلیچدارئۆغلۆ لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا، داوای لە پارتە سیاسییەكانی توركیا كرد هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیا بەڕێوە بەرن. ئەو گوتی: “كۆماری توركیا بە ساتێكی مێژووییدا تێپەڕ دەبێت، ئەویش سیاسەتێكی تازە و ئابوورییەكی تازە و سیستەمێكی تازەیە. دەسەڵات دەترسێت سندووقی هەڵبژاردن بخاتە بەردەم میللەت، بەڵام ئەمە دەسەڵاتە هەر لەڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە دەگۆڕدرێت”. كلیچدارئۆغلۆ لە بەشێكی تری وتارەكەیدا باسی لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە توركیا كرد، بەوەی ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات یەكەم كاریان بەهێزكردنی سیستەمی پەرلەمانییە و سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا كۆتایی پێدەهێنن. كلیچدارئۆغلۆ دژایەتیی خۆی بۆ داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەربڕی و داوای كرد بە هیچ شێوەیەك دادگا نەچێتە ژێر باری فەرمانەكانی دەسەڵاتەوە.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا: درەنگ یان زوو دەبێت دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕدرێت
