وه‌زاره‌تى كاره‌بای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یەك بڵاودەكاتەوە

ئه‌مڕۆ هه‌ینى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر دۆخى ئێستاى كاره‌با بڵاو كرده‌وە و ڕای گه‌یاند 65%ی خه‌رجیەكانی بەرهەمهێنانی كاره‌با لەلایەن حكوومه‌تەوە دابین ده‌كرێت. به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌با، هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا پێویستی بە 4200 تا 4500 مێگاوات کارەبا هەیە و توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 3300 مێگاواتە، چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 3500 مێگاوات. به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌ پاریزگاى دهۆك توانای بەرهەمهێنانی هه‌زار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی تەنها 80 تا 100 مێگاوات بەرهەم ده‌هێندرێت و تەنیا %10ی بەکار خراوە، هه‌روه‌ك ئه‌گه‌ر كێشه‌ى سووته‌مه‌نى نه‌بێت ده‌توانرێت جگه‌ له‌وه‌ى دهۆك، هه‌زار مێگاواتی دیکەش لە هەولێر و سلێمانی بەرهەم بهێندرێ. وه‌زاره‌تى كاره‌با ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ 65%ى خەرجیی کارەبا لەسەر حکوومەتە و تەنها %35ی لەسەر شانی خەڵکە، هاوكات هیچ لەو بڕە کارەبایەی کە وه‌زاره‌تى كاره‌با خۆی بەرهەمى دێنێت، ناداتە هیچ شوێنێکی دیکە، به‌ڵكو 340 مێگاوات لەو وێستگانەى بە هۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە لە کار وەستاون، لەلایەن عێراقەوە بۆ پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ بەکار خراون.