ئەمریکا 4 ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ زانیاریدان لەبارەی سەرکردەیەکی نزیک لە ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چوار ملیۆن خەڵات بۆ زانیاریدان لەبارەی سەرکردەیەکی نزیک لە ئێران، دیاری دەکات. پرۆگرامی ”پاداشت لە پێناو دادپەروەری“، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، چوار ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەسە دیاری کردووە، کە زانیاری لەبارەی ئیبراهیم ئەحمەد ئەلقەوسی، سەرکردەی ناسراوی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە نیمچەدوورگەی عەرەب، دەداتە حکوومەتی ئەمریکا. پرۆگرامەکە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: ئیبراهیم ئەلقەوسی، کە بە شێخ خەبیب سودانی و محەمەد سەڵاح ئەحمەدیش دەناسرێ، هاووڵاتییەکی سودانییە و لە یەمەن سەرکردایەتیی قاعیدە دەکات. بەپێی راگەیەندراوی پرۆگرامی پاداشت لە پێناو دادپەروەری، ئیبراهیم ئەلقەوسی فەرمان و بڕیارەکان لە ئێران ”لە پێناو وێرانکردنی یەمەن“ وەردەگرێت.