ئێران: دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادەین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات. ئەمڕۆ سێشەممە 6-7-2021، سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا، رایگەیاندووە: پێویستە ئەمریکا تێبگات، کە زمانی هێز و هەڕەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی نییە. سەعید خەتیبزادە رەتی کردووەتەوە وڵاتەکەی دەست لە کاروباری ناوخۆی عێرق وەربدات و رایگەیاندووە: ”هەرگیز نیازمان نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بکەین“. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە، کە هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ”تەنیا ئامانج لێیان“ لێدانی ئەو هێزانەیە، کە شەڕی دژی رێکخرای تیرۆریستی داعشیان کرد. رەتکردنەوەی دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق لە کاتێک دایە، کە زۆرینەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی فەرمان و رێنوێنیی راستەوخۆ لە سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن و لە رێوڕەسمەکانیاندا، وێنەی سەرکردە باڵاکانی ئێران هەڵدەواسن.