بەم نزیکانە شاندێكی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا دەکات

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند لەم نزكانە شاندێكی وەزارەت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی عێراق و بۆ جێبەجێكردنی ئەو لێكتێگەشتنانەی لە نێوانیان واژۆ كراوە، دەچێتە بەغدا. بێگەر تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاكانی ڕاگەیاند: “ئێمە وەك وەزارەتی کشتوکاڵ پابەندی ئەو لێكتێگەیشتنانەین كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی ھەمانە بۆ گواستنەوەی ئەو بەرھەمانەی ناوخۆ بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ئەمەش كاریگەریی باشی لەسەر ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران دەبێت”. گوتیشی: “ھەندێك جار لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كێشە دروست دەبێت کە ئەو لێكتێگەیشتنانە وەك خۆیان جێبەجێ نەکرێن، بۆیە دەچینە بەغدا لەبارەی پرسی دیكەش گفتوگۆ دەكەین”.