عەشیرەتی بەنی کەعب هەڕەشەی کوشتنی فەرماندەیەکی پۆلیسی باشووری عێراق دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە. دوای کوژرانی شێخ تەحسینی کوڕی شێخ خالید جەبرلعەلیی میری عەشیرەتی بەنی کەعب لە عێراق لە رۆژی دووشەممە 12-7-2021، چەکدارانی ئەو عەشیرەتە نمایشێکی چەکدارییان بە 500 ئۆتۆمبێل لە شاری میسان رێک خست. چەکدارەکان رووبەڕووی تەقەی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە و چوار چەکدار بەهۆیەوە بریندار بوون و رۆژی سێشەممە 13-7-2021ش یەکێک لە چەکدارە بریندارەکان کۆچی دوایی کرد. لە رۆژی سێشەممە (دوێنێ) عەمید عەبدولخدر جاسم، فەرماندەی پۆلیسی میسان لەکارەکەی لادرا و فەرماندەیەکی دیکە بە ناوی لیوا حەسەن سەرای کرایە فەرماندەی پۆلیسی میسان. دوای لەکار لادانی، شێخای عەشیرەتی بەنی کەعب پەیامێکیان بۆ فەرماندە لادراوەکە ناردووە و بەپرسیارێتیی گیانی بریندارەکانیان خستووەتە ئەستۆی ئەو و داوایان لێکردووە مافی کەسوکاریان بدات. بەپێی بنەما عەشائیرییەکان لە عێراق، ئەگەر عەمید عەبدولخدر جاسم مافی ئەو بریندارانە و کەسوکاری چەکدارە کوژراوەکە نەدات، ئەوا عەشیرەتی بەنی کەعب رووبەڕووی دەبێتەوە و ”رەنگە“ رووبەڕووبوونەوەکە بگاتە راددەی دەرکردن، سووتاندنی ماڵ و موڵک و کوشتنی خۆیشی.
عێراق.. عەشیرەتی بەنی کەعب هەڕەشەی کوشتنی فەرماندەیەک دەکات
