بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژن و پشووی جەژن دەکات. گەشتوگوزاری هەولێر لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەمڕۆ لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان، بەمەبەستی ئامادەکاری و پێشوازی لەگەشتیاران کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا تایبەت بە چۆنیەتی ئامادەکاریی و پێشوازی لەگەشتیاران لەجەژن و پشووەکانی جەژن. ئەوەش خراوەتە روو، بۆ ئەم مەبەستە چەند لێژنەیەک دروستکرا بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە هەر لەبازگەکان و لەشوێنە گەشتیارییەکان پێشوازی لەگەشتیاران بکەن و خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا بە پێکھێنانی چەندان لێژنەی تایبەت، بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان بۆ دڵنیابوون لە کردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕووی گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی قوربان. دەقی بڕیارەکان: ١- لێژنەی تایبەت پێکھێنراوە بۆ بەدواداچوون لە پێداویستی گەشتیاران لە بازگەکان و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆیان. ٢- دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بۆ پەیوەندیکردنی گەشتیاران بەتمەکانمان لە کاتی هەر ڕووداوێک یان گیروگرفتێک. ٣- پاک راگرتنی شوێنی تایبەت بە دەست شۆر و توالیتەکان لە بازگەکان. ٤- لێژنەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ڕووداوێک بەهەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامیەتیەکان، وە تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی لەبنکە گەشتیارەکان. ٥- بەرێوەبەرایەتیەکانمان لە بنکە گەشتیارییەکان لە قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ھەستاون بە دانانی تابلۆی رێنیشاندەر، ناونیشانی شوێنە گەشتیارییەکان و تابلۆی رێنمایی. ٦- دانانی تیمی تایبەت بە فریاگوزاری خێرا و تیمی مەلەوانی (غواص) لە شوێنە گەشتیارییەکان بەھاوکاری بەرگری شارستانی و تەندروستی لە قەزاکان. ٧- لە سنووری پارێزگای هەولێر، پێنج لێژنە پێکهاتووە بۆ بەدواداچوون لە رەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە هاوکاری قائیم قامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر و کۆمەڵەی میوانخانەکان و چێشتخانەکانی کوردستان/لقی هەولێر. هەروەها کار کراوە بۆ کردنەوەی گشت بنکە گەشتیارییەکان وبۆ پیشوازی لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز.بەپێچەوانەوە ئەوەی پابەند نەبێت بەشێوەیی یاسایی سزا دەدەرێت. ٨- لێژنەی تایبەت پێکهاتووە بە مەبەستی چاودێری کردنی نرخ لە شوێن و بنکە گەشتیارییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر. لە ڕووی وەرگرتنی داتا و ئاماری گەشتیاری: ئاماری تایبەت بە ژمارەی گەشتیاران کە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل و بازگەکان لە بەرواری ٢٠٢١/١/١ تاوەکو ٢٠٢١/٧/١٤، بریتییە لە یەک ملیۆن و ١٥٧ هەزار و ٣٩١ گەشتیار.
هەولێر.. ئامادەکاری بۆهاتنی گەشتیاران دەکرێت
