لە سنووری چەمچەماڵ هاووڵاتییەك لە ئاودا خنكا

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە سنووری شارۆچكەی چەمچەماڵ، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵی بە ڕەگەز عەرەب لە ئاودا خنكاوە. شەریف ڕەحیم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی چەمچەماڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 16/7/2021 تەرمێك گەیەندرایە سەنتەری فریاكەوتنی چەمچەماڵ، كە گەنجێكی بە ڕەگەز عەرەبی تەمەن (١٩) ساڵ بووە و بە گوتەی كەسوكارەكەی لە كاتی مەلەكردندا لە ئاوی باسەڕە خنكاوە، دوای ئەنجامدانی ڕێكارەكان تەرمەكەی لەلایەن تیمەكانی یەكەی فریاكەوتنی خێرا 122 ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی کراوە”. گوتیشی: “لەلایەكی ترەوە هەر ئەمشە و لە دوو ڕووداوی دیکە دوو برینداری تر گەیەندراونەتە سەنتەری تەندروستیی چەمچەماڵ، كە یەکیان پیاوێكی تەمەن ٣٧ ساڵە و شوێنی چەقۆ بەجەستەیەوەیە و ئەوی دیکەشیان منداڵێكی تەمەن ٤ ساڵە كە ئۆتۆمبێل لێی داوە”.