لە خانەقین خەڵك لەبری حكوومەت ئۆكسجین بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دابین دەكەن

بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە خانەقین بووەتە هۆی كەمبوونەوەی ئۆكسجین و ئێستا خەڵك خۆیان ئۆكسجین بۆ تووشبووانی پەتاكە دابین دەكەن، چونكە حكوومەتی عێراق فریایان ناكەوێت. لەمبارەیەوە ئەمیر عەلی ئەندامی كۆمەڵەی هەرەوەزی لە شاری خانەقین بە (باسنیوز)ی راگەیاند بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە شارۆچكەی خانەقین و دەوروبەری، ئەو ئۆكسجینەی لە نەخۆشخانەكانی خانەقین بەردەستن، كەمن و بەشی تووشبووانی پەتاكە ناكەن. گوتیشی ئەمڕۆ هەینی چالاكوانان و گەنجانی كۆمەڵەی هەرەوەزیی خانەقین لە رێگەی كۆكردنەوەی پارە لە خێرخوازان و و لەسەر حیسابی خۆیان، پەنجا بوتڵ ئۆكسجینیان لە كەلار كڕیوە و هێناویانە بۆ نەخۆشخانەكانی خانەقین. هەروەها رای گەیاند كە ماوەی چەند رۆژێكە ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكانی خانەقین كەم بووەتەوە و حكوومەتی فیدراڵییش نەیتوانیوە فریایان بكەوێت و ئۆكسجینیان بۆ دابین بكات.