شەوی ڕابردوو، لە شارەدێی سەعدیەی سەر بە شارۆچكەی خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە، هاووڵاتییەك بە دەستڕێژی گوللە كوژرا. نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شەوی ڕابردوو 23.7.2021 لە شارەدێی سەعدیەی سەر بە شارۆچكەی خانەقین، هاووڵاتییەك بە ناوی (بورهان شەریف وەهاب) لەلایەن چەكدارانی نەناسراوە بە دەستڕێژی گوللە كوژراوە”. گوتیشی: “هۆكاری كوشتنی ئەو هاووڵاتییە هەتا ئێستا نەزاندراوە و لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو ڕووداوە دەستی پکردووە”. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) هاووڵاتییە كوژراوەكە سەرۆكی کۆمەڵەی تیپە میللییەكانی شارەدێی سەعدیەیە. شارەدێی سەعدییە یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای دیالە كە بەردەوام كردەوەی توندوتیژیی تێیدا ڕوو دەدات، بەبێ ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە بتوانن بارودۆخی شارەدێكە كۆنترۆڵ بكەن.
لە شارەدێی سەعدیە هاووڵاتییەك بە دەستڕێژی گوللە كوژرا
