لە ناوچەی چۆكەرتمەی سەر بە بۆدرووم، بەهۆی ئەوەی ئاگری دارستانەكانی تەشەنەی كردووە، ئاگرەکە گەیشتووەتە ناو شارەكە و هاووڵاتییانیش لە ترسی گیانیان هەڵاتوون. محەممەد تۆكات سەرۆكی شارەوانیی (میلاس)، باسی لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە لە چۆكەرتمە کردووە و دەڵێت ئەو ناوچەیە خەریكە بەتەواوی دەسووتێت و دەبێت فریای بكەون. تۆكات لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردووەتەوە، لە چەند ناوچەیەكی سەر بە شاری موغلە ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، بەڵام لە ناوچەی چۆكەرتمە ئاگرەكە گەیشتووەتە كۆڵانەكان و هاووڵاتییانیش رادەكەن، تەنانەت ئەوانەی ئاگركوژێنەوەشن هەلدێن و ناتوانن بەرگەی ئاگرەكە بگرن. هەموو ئەو لادێیانەی سەر بە شاری میلاسن، بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە چۆڵ كراون، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە چۆكەرتمەش ئاگرەكە تەشەنەی سەندووە، بۆیە لادێكانی سەر بەو ناوچەیەش بەتەواوی چۆڵ كراون. حكوومەتی یۆنان ئامادەیی خۆی دەربڕی تا هاوكاری بگەیەنێتە توركیا بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، بەڵام تاكوو ئێستا توركیا قبووڵی نەبووە یۆنان هاوكاری بكات. هەتا ئێستا وڵاتانی ئێران، ئازەربایجان و ئۆکرانیا بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە فراوانە یارمەتیی تورکیایان داوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سێ فڕۆكەی ئاگركوژێنەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا گەیشتوونەتە توركیا و هاوكار دەبن بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە. لەلایەكی تریش، وڵاتی قەتەر هاوكارییەكانی خۆی بۆ توركیا ناردووە و لە میدیاكانی توركیا بڵاو كرایەوە كە قەتەر بە چەند فڕۆكەیەك هاوكاریی توركیا دەكات بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە. هەتا ئێستا لە ناوچە جیاجیاکان و بەتایبەتی پاریزگای ئەنتاڵیای تورکیا ١٣٣ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی فراوان ڕوویان داوە و نزیکەی ١١٠ حالەتیان کۆنترۆڵ کراون و زیاتر لە ٩٥ هەزار هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکان سووتاون، نزیکەی ١٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و لە زۆر ناوچەش باخ و مەزرای کشتوکاڵی سووتاون و چەندین شار و گوندیشی گرتووەتەوە و خەڵکێکی زۆریش بە بۆنەوە ئاوارە بوون.
ناوچەی چۆكەرتمە لە توركیا بەتەواوی ئاگری گرت
