ئەمریکا: وەڵامدانەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکە بە کۆمەڵ دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، وەڵامدانەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل بە کۆمەڵ دەبێت. لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، هێرشێک کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئیسرائیل بە ناوی (میسەر ستریت) لە دەریای عەرەب و بەهۆیەوە دوو کارمەندی تیمی کەشتیوانی، گیانیان لەدەست دا، کە خەڵکی رۆمانیا و بەریتانیا بوون. لە کاتێکدا ئێران رەتی دەکاتەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبێت، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە: وڵاتەکەی دڵنیایە لەوەی ئێران هێرشەکەی کردووەتە سەر کەشتییەکە. ئەنتۆنی بلینکن هەروەها رایگەیاندووە: گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ئەو ناوچەیە دەکەن، بۆ ئەوەی بە کۆمەڵ وەڵامی ”ئەو هێرشەی ئێران“ بدەنەوە. کەناڵی (سکای نیوز) لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەتەوە، کە پێشبینی دەکەن وەڵامی بە کۆمەڵ بۆ ئێران، لەو چوار ئەگەرەی خوارەوە خۆی ببینێتەوە: – هێرشی سەربازی – سەپاندنی سزای ئابووری و سەربازیی نوێ بەسەر ئێران – ناچارکردنی ئێران بە پێدانی قەرەبوو – خنکاندنی ئێران لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە لە رێێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی