زانیاریی نوێ لەبارەی 200 پەنابەرە دەستگیرکراوەکەى دورگەى پێنت

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى بەلەمێكی پەنابەران لە دورگەى پێنت لە ئیتاڵیا پەکى كەوت و لەلایەن پۆلیسى دەریاوانى ئیتاڵیاوە پەنابەرە سەرنشینەكانی ڕزگار كران و دواتر دەستگیر كران، بڕیارە بۆ ماوەى 10 ڕۆژی داهاتوو پەنابەرەكان کەرەنتین بكرێن. هیوا خدر ئەندامى فیدراسیۆنى پەنابەرانى سەرانسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینى بەلەمێک کە 200 پەنابەرى هەڵگرتبوو، لە قووڵایی دەریا لە دورگەى پێنت لە وڵاتى ئیتاڵیا پەکی كەوت، دوای ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە ڕووداوەکە، ئەوانیش پۆلیسی دەریاوانی ئیتالیا ئاگادار دەکەنەوە و بەهانایانەوە دەچن و رزگاریان دەکەن. گوتیشى هەشت لەو پەنابەرانە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن کە سێیان منداڵن، پەنابەرەکانی تر هاووڵاتییانی میسری و ئەفغانی و ئێرانیین. هەروەها ڕوونی کردەوە پەنابەرەکان تەندروستیان باشە و لەلایەن پۆلیسى ئیتاڵیاوە لەناو کەشتیەک لە دورگەی پێنت بۆ ماوەی دە رۆژ کەرەنتین دەکرێن و دوای ئەوە چارەنووسیان دیاری دەکرێت.