سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرکۆماری نوێی ئێران بۆ بەغدا، دەکات. رۆژی سێشەممە 10-8-2021، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری نوێی ئێران کۆ بووەوە. فوئاد حوسێن بانگهێشتنامەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق، گەیاندووەتە ئیبراهیم رەئیسی. سەرکۆماری نوێی ئێران، کە رۆژی 5-8-2021 لە پۆستەکەیدا دەست بەکار بوو، لە میانی پێشوازیکردنی لە فوئاد حوسێن، رایگەیاندووە: دەوڵەتی ئێران گەشەسەندنی عێراق و چارەسەربوونی کێشەکانی، بە گەشەسەندنی خۆی هەژمار دەکات. ئیبراهیم رەئیسی هەروەها رایگەیاندووە: یەکهەڵوێستیی وڵاتانی ناوچەکە ”بە دوور لە دەستوەردانی بێگانە“، بنەمایەکی سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا (مانگی 8ـی 2021)، لە بەغدا کۆنگرەی (لووتکەی بەغدا) بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە هاوکاریی فەرەنسا و بە ئامادەبوونی سەرکۆماری میسر، نوێنەری سەرۆکی ئیمارات، میری قەتەر و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەڕێوە بچێت. ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاندووە: بەشداریی لووتکەی بەغدا دەکات. تا ئێستا جگە لە ئیبراهیم رەئیسی، مستەفا کازمی بانگهێشتنامەی بۆ سێ سەرۆک و شا و میر ناردووە، کە بریتین لە: – نەواف ئەحمەد سوباح، میری کوێت. – رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا. – سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعوودیە.