باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا: هێرشمان دەکرێتە سەر

باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا هۆشداری لە هێرشی گرووپە چەکدارییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەکە، دەدات. ئەمڕۆ شەممە 14-8-2021، ماڵپەڕی (RT)ی رووسی لە زاری ”سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی“یەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە باڵوێزخانەی تورکیا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بە پەلە هێزی زیاتر بنێرێتە چواردەوری باڵەخانەی باڵوێزخانەکە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە: بەرپرسانی باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا زانیاریی ئەوەیان پێگەیشتووە، کە ”چەند گرووپێک“، بە نیازن هێرشیان بەکەنە سەر، بەڵام ناوی گرووپەکانی ئاشکرا نەکردووە. باڵوێزخانەی تورکیا کەوتووەتە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا، کە هەرچەندە ئەو ناوچەیە بە هێزێکی زۆری عێراقی پارێزراوە، بەڵام گرووپ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەتوانن بچنە ناویەوە و چەندین جار لەو ناوچەیە هێرشیان کردووەتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا. لە عێراق، بەهۆی ناکارایی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، وێڕای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەیان گرووپی چەکداریی تیرۆریستی و تاوانکاری دروست بوون و بەپێی بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی کاریان بۆ دەکەن، کردەی تیرۆریستی یان تاوانکاری ئەنجام دەدەن.