لە هەولێر خواستی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا زیادی کردووە

بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى هەولێر رایگەیاند بەهۆى زیادبوونى خواستى هاووڵاتیانى هەولێر بۆ وەرگرتنى ڤاکسینى دژەکۆڕۆنا، ژمارەى بنکەکانى پێدانى ڤاکسین لە سنوورى پارێزگاى هەولێر زیاد دەکەین. د.دلۆڤان محەمەد، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەهۆى زیادبوونى خواستى هاووڵاتیانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ وەرگرتنى ڤاکسینى کۆڕۆنا، بنکە و ناوەندەکانى پێدانى ڤاکسین بە هاووڵاتیان لە سەنتەر و دەوروبەرى هەولێر زیادى کردووە، بەجۆرێک سەرەتا لەچەند بنکەیەک ڤاکسن بە هاووڵاتیان دەدرا، بەڵام ئێستا لە سنوورى هەولێر 43 بنکە هەن بۆ پێدانى ڤاکسین بە هاووڵاتیان”. راشیگەیاند: “رۆژانە بەردەوام رێژەى هاتنى ڤاکسینى کۆڕۆنا بۆ هەرێمى کوردستان لە زیادبووندایە، بۆیە ئێمەش دواى گەیشتنى پشکى پارێزگاى هەولێر راستەوخۆ بەسەر بنکەکانى پێدانى ڤاکسین دابەشیان دەکەین، بۆ ئەوەى ئەو هاووڵاتیانەى ناویان لە سییستەمى وەزارەتى تەندروستى گەڕاوەتەوە لەماوەیەکى کەم بەریان بکەوێت”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “بە ئامانجى خێراترکردنى پڕۆسەى پێدانى ڤاکسین لە پارێزگاى هەولێر، بەردەوام ژمارەی بنکەکانى پێدانى ڤاکسین زیاد دەکەین، ئێستا لە زۆرینەى بنکەکانیش هەرسێ جۆرەکەى ڤاکسین (ئەسترازینیکا و سینۆفاڕم و فایزەر) بە هاووڵاتیان دەدرێت”.