ئەمڕۆ یەكشەممە سەركردەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، پێشهاتەكانی ئەفغانستانی بۆ ترساندنی هاووڵاتییانی عێراق بەكار هێنا و گوایە ئەمریكا جێی متمانە نییە و دەبێ عێراقییەكان دەست بە حەشدی شەعبییەوە بگرن، بۆ ئەوەی وەكو ئەفغانستانیان بەسەر نەیەت و ئەمریكا رادەستی حزبی بەعسیان نەكاتەوە. عەدنان فەیحان سەركردەیەكی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەقی سەر بە ئێران، كە لە هەمان كاتدا پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆكی كوتلەی (سادیقون)ە، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) هۆشداری بە هاووڵاتییانی عێراق داوە بۆ ئەوەی ئاگایان لە حەشدەكەیان بێت و دەستبەرداریان نەبن، چونكە بە گوتەی ئەو ئەمریكا جێی متمانە نییە. فەیحان لەبارەی كەوتنی كابوولی پایتەختی ئەفغانستانەوە نووسیویەتی “ئەی عێراقییەكان، دەست بە حەشدەكەتانەوە بگرن، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان رووی دا، راستیی ئەو قسانەمان دووپات دەكاتەوە كە دەمانگوت ئەمریكا جێی متمانە نییە”. دەشڵێ ئەمریكا ساڵی 2010 دەسەڵاتی تاڵیبانی لەناوبرد، دواتر بۆ ماوەی 20 ساڵ ڕاهێنان و راوێژكاری و چەەكی پێشكەشی سوپای ئەفغانستان كرد بۆ ئەوەی رووبەڕووی تاڵیبان ببنەوە، ئەنجامەكەشی دەبینن كە چۆن ئەم سوپا و دەوڵەتەی لە ئەفغانستان بنیاتی نا، داڕما و لەدەست هێزەكانی تاڵیبان بە كۆمەڵ ڕایانكرد، ئەمڕۆ تاڵیبان بە سەرپەرشتیی ئەمریكا هاتەوە سەر دەسەڵات. لە كۆتاییشدا بە هاووڵاتییانی عێراقی راگەیاندووە كە تەنها ئەوان دەتوانن بەرگرییان لێ بكەن و ڕێگە نەدەن ئەمریكا جارێكی تر حزبی بەعس بێنێتەوە سەر دەسەڵات.