داوەتكردنی بەشار ئەسەد كێشە دەخاتە نێوان حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق

ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر بابەتی داوەتكردنی بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سووریا بۆ عێراق، كێشە كەوتە نێوان سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق. دوای ئەوەی ئەمڕۆ فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەردانی سووریای كرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد كۆبووەوە، هەواڵ بڵاوبووەوە گوایە فەیاز پەیامێكی لە عێراقەوە بۆ ئەسەد پێبووە، لەبارەی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا، بەڵام دەمودەست وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ڕەتی كردەوە هیچ پەیامێكیان بۆ ئەسەد ناردبێت لەبارەی داوەتكردنی بۆ عێراق و رای گەیاند ئەگەر هەر پەیامێك یان داوەتنامەیەكیان هەبێت بەشێوەی فەرمی و نووسراوی فەرمی لە حكوومەتی عێراقەوە دەنێردرێت و نەك لە ڕێگەی كەسانی ترەوە. لەمبارەیەوە پێش كەمێك نووسینگەی فالح فەیاز لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە فەیاز پەیامێكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ بەشار ئەسەد پێبووە، تیایدا پێی راگەیاندووە كە دۆخەكە یارمەتیدەر نییە بۆ داوەتكردنی ئەسەد بۆ كۆنگرەی بەغدا، دەنا ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە عێراق ڕۆڵی سووریا نادیدە بگرێت لە ناوچەكەدا. هەروەها بەیاننامەكە ئاماژەی بەوە داوە كە سەریان سڕماوە لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داخۆ بۆچی پەلەیان كردووە و وەڵامی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاستیان داوەتەوە لەبارەی سەردانی فالح فەیاز بۆ سووریا. لای خۆیانەوە سەرۆكایەتیی كۆماری سووریاش لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە كە لە دیدارەكەدا هاوئاهەنگیی عێراق و سووریا بۆ سەرخستنی كۆنگرەكەی بەغدا تاوتوێ كراوە. بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە هاوکاریی فەرەنسا و بە ئامادەبوونی سەرکۆماری میسر، نوێنەری سەرۆکی ئیمارات، میری قەتەر و نوێنەری وڵاتانی ئەورو,پا و ئەمریکا بەڕێوە بچێت. لەو کۆنگرەیەدا، سەرۆک، میر و شاکانی وڵاتانی دراوسێ تاوتوێی کێشەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرکۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق رای گەیاندووە كە بەشداریی لوتکەی بەغدا دەکات. تا ئێستا مستەفا کازمی بانگهێشتنامەی بۆ شەش سەرۆک و شا و میری دیکە ناردووە، کە بریتین لە: – نەواف ئەحمەد سوباح، میری کوێت. – رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا. – سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعوودیە. – ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری نوێی ئێران. – تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر. – محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات.