راپۆرتێكی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە كەمبوونەوەی ئاو و فرەوانبوونی ئاگركەوتنەوەكان

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕۆژنامەی (گاردیان)ی ئینگلیزی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی بڵاوكردەوە كە هۆشداری دەدات لە ئاڵۆزتربوونی تەنگژەی كەمبوونەوەی ئاو و فرەوانبوونی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان لە جیهاندا. راپۆرتێك كە لەلایەن دەستەی میریی نێودەوڵەتیی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا ئامادە كراوە، باسی لە كەڵەكەبوونی تەنگژەی ئاو لە جیهان، زۆربوونی لافاوەكان و سەرهەڵدانی زیاتری وشكەساڵی كردووە، ئاماژەشی داوە كە وشكبوونەوەی دارستانەكان ئاگركەوتنەوەی زیاتری بەدوادا دێت. راپۆرتەكە دەڵێ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، گۆڕانی گەورە بەسەر دۆخی ئاو لەسەر زەویدا دێنێت، وا دەكات ناوچە باراناوییەكان زیاتر شێدار بن و ئەو ناوچانەی تووشی وشكەساڵییش بوون، ڕووبەڕووی كێشەی زیاتری كەمبوونەوەی ئاو ببنەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەكی سەدیی گەرماشدا، بارانبارین بەڕێژەی 7٪ گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەمەش بەهۆی كاریگەریی قەتیسبوونی گەرماوە. رۆژنامەی (گاردیان)یش لە زاری پرۆفیسۆر مایك میریدیز یەكێك لە دانەرە سەرەكییەكانی راپۆرتی دەستە نێودەوڵەتییەكەی گواستووەتەوە كە لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای بەرگەهەوای گۆی زەویدا بەهۆی قەتیسبوونی گەرماوە، چاوەڕێ دەكرێت ئاوی زیاتر لە ناوچە كەمەرییەكان بەهەڵم بێت، بەمەش ڕێژەی بارانبارین لە ناوچە باراناوییەكاندا زیاتر دەبێت و لافاوی گەورەی لێ دروست دەبێت. لای خۆیەوە پرۆفیسۆر رالف تۆمی بەڕێوەبەری بەشدار لە پەیمانگەی “گرانسام” بۆ گۆڕینی كەشوهەوار لە ئیمپریال كۆلێج لە لەندەن دەڵێ كاتێك جیهان گەرمتردا دێت، ئاوی زیاتر دەبێتە هەڵم، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتربوونی وشكهەڵاتنی زەوی و ئاو لە بەرگەهەوای زەویدا زیاد دەكات، بۆیە ڕێژەی بارانبارینیش بەشێوەیەكی نائاسایی زیاد دەكات.