سیسی یاسایەکی توند دژی گێچەڵی سێکسی دەردەکات

سەرکۆماری میسر یاسایەکی توند دژی گێچەڵی سێکسی لە وڵاتەکەی، دەردەکات. بەپێی هەواڵی میدیا میسرییەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە یاسای ژمارە 141ـی ساڵی 2021ـی دەرکردووە. لە میسر، گێچەڵی سێکسی بە کچان و ژنان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەشێوەیەکی ترسناک بەربڵاوە و  کچان و ژنانی چالاکوانی میسر بەردەوام داوای توندکردنی سزاکان دەکەن. بەپێی یاسا نوێیەکە، هەر کەسێک بە ئاماژە یان هێما یان کردار یان بە قسە گێچەڵی سێکسی بە کچێک یان ژنێک بکات، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەی دوو تا چوار ساڵ سزا دەدرێت. ئەگەر ئەو کەسەی گێچەڵی کردووە کردارەکەی دووبارە بکاتەوە، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەی سێ تا پێنج ساڵ و پێبژاردنی 300 هەزار پاوەندی میسری، سزا دەدرێت. هەر بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەگەر گێچەڵکارەکە دەسەڵاتی حکوومی یان هەر دەسەڵاتێکی دیکەی خۆی بۆ گێچەڵکردنەکە بەکار هێنا یاخود بە دوو کەس و بە زەبری چەک گێچەڵیان بە کچ یان ژنێک کرد، ئەوا بە زیندانیکردن، کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێ، سزا دەدرێ.