چارەنووسی ئەو منداڵە ئەفغانییەی، باوکەکەی لە فڕۆکەخانەی حامید کارەزای لە کابوڵ رادەستی سەربازە ئەمریکییەکانی کرد، ئاشکرا دەبێت. دوای دەست بەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، بەشێکی خەڵکی کابوڵی پایتەخت روویان لە فڕۆکەخانە کرد، بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت لە ئەفغانستان دەربچن و نەکەونە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان. هەفتەی رابردوو وێنەیەکی منداڵێکی شیرەخۆرە میدیا جیهانییەکانی تەنی، کە تێیدا دەردەکەوێت، باوکێک، کە بەهۆی دیوارە بەرزەکانی فڕۆکەخانەی حامید کارەزای و پاسەوانیی سەربازە ئەمریکییەکانەوە نەیدەتوانی خۆی و منداڵەکەی بچنە ناو فڕۆکەخانە و ئەفغانستان بەجێ بهێڵن، منداڵەکەی دایە دەست سەربازێکی ئەمریکی. جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە: باوکی منداڵەکە بە سەربازە ئەمریکییەکانی گوتبوو منداڵەکەی نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکییە. هەروەک جۆن کێربی رایگەیاندووە: منداڵە ئەفغانییەکەیان بردووەتە نەخۆشخانەی سەربازیی نەرویجی لەناو فڕۆکەخانە و دوای پێدانی چارەسەر، باوک و منداڵەکەیان بە یەک شاد کردووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی زیاتری لەبارەی رادەستکردنەوەی منداڵەکە بە باوکی یان گەیاندنی باوکەکە بە منداڵەکەی لەناو فڕۆکەخانە یان دەرەوەی ئەفغانستان، نەدرکاندووە. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە بەرەو تاجیکستان هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشایەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخێندرا.
چارەنووسی ئەو منداڵە ئەفغانییەی درایە دەست ئەمریکییەکان ئاشکرا دەبێت
