ئیسرائیل پێگەکانی حەماسی لە کەرتی غەزە کردە ئامانج

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پاش گرژی و ئاڵۆزی لە سنوورەکانی ئسیرائیل و برینداربوونی دەیان کەس، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل چەندین باڵەخانە و بینای تایبەت بە حەماسیان لە کەرتی غەزە کردووەتە ئامانج. دیسان گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و حەماس پەرەیان سەندووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22/8/2021 لە ئەنجامی تێکەهەڵچوونێک لە ناوچەی سنووری سەربازێکی ئسیرائیلی و ٤١ فەلەستینی بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی دوو کەسیان ناجێگیرە. ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی فەلەستینییەکاندا ڕووی داوە کە لەلایەن حەماس و میلیشیاکانی دیکەی کەرتی غەزەوە ڕێک خرابوو. بەپێی زانیاریی میدیاکان سەدان هاووڵاتیی فەلەستینی لە نزیک سنووری ئیسرائیل دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و هەندێک مادەی تەقینەوەیان ڕوو بە هێزەکانی ئیسرائیل تەقاندووە کە ئەوانیش دژکردەوەیان نیشان داوە. بەپێی زانیاریی تەندروستیی غەزە، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەوە دوو کەس لە بریندارەکان دۆخیان ناجێگیرە کە یەکیان منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە و گوللە بەر سەری کەوتووە، بەڵام بریندارەکانی دیکە دۆخیان جێگیرە. لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە ئەفسەرێکیان بە دەستڕێژی گوللەی فەلەستینییەکان بە تەندی بریندار بووە و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیلیش لە کاردانەوە بەو ڕووداوە کەرتی غەزەیان بۆردومان کردووە. هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی خەسارە گیانی و داراییەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە و هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاندووە کە بۆ وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس هێزی زیاتری سەربازی لە سنوورەکان جێگیر دەکات.