بەرپرسێکى وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە کۆچى پێچەوانەى ئاوارەکان لە شارەکانى عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوامە و گوشارێکى زۆر لەسەر کەمپەکانى هەرێم دروست بووە و شوێن نەماوە بۆ وەرگرتنى خێزانى نوێ. هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەرى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى و قەیرانەکان لە وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەهۆى ناسەقامگیرى بارى ئەمنى و نەبوونى خزمەتگوزارى و کەشێکى لە بار بۆ گەڕانەوەیان، تا ئێستا ژمارەیەکى زۆرى خێزانە ئاوارەکانى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان نیشەجێن و ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، هەرچەندە حکوومەتى عێراق چەند هەنگاوێکى ناوە بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان و چەندین جاریش بڕیارى داخستنى کامپەکانى داوە”. گوتیشی: “بە پێچەوانەى بڕیارەکەى حکوومەتى ناوەند بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکانى نیشەجێى کەمپەکانى هەرێم، رۆژانە کۆچى پێچەوانەى ئاوارەکان لە پارێزگاکانى عێراق بۆ کوردستان بەردەوامە، بەمەش گوشارێکى زۆر لەسەر کەمپەکانى هەرێم دروست بووە و وەکو پێویست شوێن نەماوە بۆ وەرگرتنى ئەو خێزانانەى رۆژانە ناوچەکانیان لە عێراق جێدەهێڵن و روودەکەنە هەرێمى کوردستان”. ئەوەشی خستە روو، “ئێمە لە ناوەندى هەماهەنگى و قەیرانەکان لیژنەیەکمان بە هەماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە و چەند مەرجێکمان داناوە بۆ وەرگرتنى ئەو خێزانانەى روو لە هەرێم دەکەن، هەر خێزانێک زۆر ناچار نەبێت لە کامپەکان وەرى ناگرین، چونکە مەبەستى ئێمە گەڕانەوەى ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانیان”. هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ روونیشیکردەوە، کە ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رێکخراوە خێرخوازییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو پێویست هاوکاریان ناکەن لە دابینکردنى پێداویستى رۆژانەى ئاوارەکان، بۆیە هەوڵى بەردەوام دەدەن لەگەڵ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ گەڕاندنەوەى تەواوى ئاوارەکان و داخستنى کەمپەکان.