کازمی و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کاتی هەڵبژاردن کۆ دەبنەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە کاتی دیاریکراودا، کۆ دەبنەوە. مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گوشاری خۆپیشاندەران سەرەتا رۆژی 6-6-2021ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژردنەکە دیاری کرد و دواتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگیی ئەنجوومەنی وەزیران، کاتەکەی بۆ رۆژی 10-10-2021 دواخست. میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، کۆمسیۆن، نوێنەری دەسەڵاتی دادوەری و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆ دەبنەوە. بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە ئەم هەفتەیە بەڕێوە دەچێت و تێیدا ”بڕیاری گرنگ“ لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و کاتەکەی، دەدرێت. هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە، بانگهێشتنامە ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانەش کراوە، کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردووە. تا ئێستا موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، حزبی شیوعیی عێراق و نزیکەی 25 حزب و لایەنی دیکەی عێراقی کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاندووە.