ئەحمەد داودئۆغڵو لە هەكاری دەبێتە میوانی ماڵە كوردێك

 وێڕای ئه‌وه‌ی  واده‌ی ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن زۆری ماوە، بەڵام پارتە سیاسییەكانی توركیا پروپاگه‌ندەیان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەستپێكردووە، بەتایبەت لە باكووری كوردستان، كە زۆربەی پارتەكان ده‌یانه‌وێ خۆیان وه‌كوو خاوەنی كورد و مافەكانی پیشان بده‌ن. ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی پارتی ئاییندە لە توركیا، سەردانی گوندی (كسكلی)ی سەر بە شاری هەكاری كرد، لەوێ بووە میوانی ماڵە كوردێك. ئەو ماڵە كوردە بە گەرمی پێشوازییان لە داودئۆغڵو كرد، ئەویش سوپاسی كردن و دواتر چووه‌ نێو خەڵكی گوند و وتارێكی پێشكەش كرد. داودئۆغڵو لە وتارەكەیدا ئاماژەی دا، كە ئەوان پارتیان دروست نەكردووە تا لە ژوور و هۆڵی داخراودا قسە بۆ خەڵك بكەن، ئەوان دەچنە ناو خەڵك جا لە گوند بن یان سەر شاخ و كەنار دەریا، هەموویان وەكوو یەك وان و دەبێت بەسەر بكرێنەوە. داودئۆغڵو دوای سەردانیكردنی گوندی (كسكلی)، بەرەو شارۆچكەی شەمدینلی و یوكسەككۆڤە رۆیشت و لەوێش چاوی بە خەڵك كەوت و وتاری پێشكەش كرد. یەكێك لە ئامانجەكانی داودئۆغڵو، نزیكبوونەوەیەتی لە كورد تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو بتوانن دەنگێكی زۆری كوردان بۆ خۆیان رابكێشین، بە تایبەت كاتێك دەڵێت ئەو لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی كوردە، بەڵام كاتێك سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە، رێگەیان نەداوە مافەكانی كورد جێگیر بكات. جگە لە داودئۆغڵو، زۆربەی سەرۆكی پارتە سیاسییەكان بەردەوام پێیەكیان لە باكووری كوردستانە و داوای دەنگیان لێ دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.