ئەمریکا: ئازار و ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی ئێران کارێکی سیستەماتیکە

دوێنێ چوارشەممە ئیدارەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و کاری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لەبارەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەسەر ئازار و ئەشکەنجەی بەندییەکانی ناو زیندانی “ئێڤێن”ی تاران بڵاو بوونەتەوە، لە پەیامێکدا هەڵوێستی گرتووە. بەپێی زانیارییەکانی بەشی فارسیی (دەنگی ئەمریکا) لەو پەیامەدا هاتووە: “ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە زیندانی “ئێڤێن”دا بڵاو بوونەتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لەمێژە ئەو دۆخە لەو زیندانەدا هەیە و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییان کارێکی سیستەماتیکە”. هەروەها لەو پەیامەدا ئاماژە بەوەش کراوە: “ئێمە بە ئێران دەڵێین کە تەواوی زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات و هەڵسوکەوتێکی شیاویان لەگەڵ بکرێت”. هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کرد کە ڕێگە بدەن نێردەی تابەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنینی سەربەخۆ لە زیندانەکانی ئێران، ئازادانە سەردانی ئەو وڵاتە بکات. ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە درێژەدا بڵاوی کردووەتەوە ئەو ڤیدیۆیانە نیگەرانییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر لە زیندانەکان و دۆخی بێ‌بەزەییانە و نامرۆڤانەی ژوورە تاکەکەسییەکان پشتڕاست دەکاتەوە. لە ڕاۆژانی ڕابردوودا لە ئێران گرووپێک کە خۆیان بە ناوی (دادپەروەریی عەلی) ناساندووە کامیرا چاودێرییەکانی ناو زیندانی ئێڤینی تارانیان هەک کرد و پاشان چەندین گرتە ڤیدیۆی کاتی ئەشکەنجە و لێدان و ڕەفتاری خراپی بەرپرسانی ئەمنیی زیندان بڵاو کرایەوە کە کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێران ڕێگە بە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نادات هەرچەند چەندین بەرپرسی باڵای دادوەریی ئێران داوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە و ئەنجامدەرانی ئەو هاککردنە و هەروەها ئەشکەنجەکارانی ناو زیندانی ئێڤین کردووە، بەڵام ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لەو ڕاگەیەندراوەدا جەختی کردووەتەوە: “ئەگەر بەرپرسانی باڵای ئێران دەیانەوێ بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، دەبێ دەستبەجێ ڕێگە بە چاودێرانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران بدەن هەتا ئازادانە و بێلانانە زیندانی ئێڤینی تاران و گرتووخانەکانی دیکەی ئێران بەپێی پێوەر و بنەما نێودەوڵەتییەکان بپشکنێت”. لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان سێ نێردەی تایبەتی بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەستنیشان کردووە، بەڵام هیچکاتێ ئێران ڕێگەی بەو نوێنەرانە نەداوە بۆ ڕاپۆرت لەبارەی پرسی مافی مرۆڤ سەردانی ئێران بکەن. ئێران دانانی ئەو نێردە و نوێنەرانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە پێشێلکاری و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی دادەنێت. بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیانە لەناو گەورترین زیندانی ئێران لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژە لەمەوبەر ئیبراهیم ڕەئیسی لە لیدوانێکدا ئاشکرای کرد کە لەناو زیندانەکانی ئێران زۆر بە باشی و دادپەروەرانە لەگەڵ بەندییەکان ڕەفتار دەکرێت و گوتیشی ئێمە کاتێک ڕێگە دەدەین کە نوێنەررانی نێودەوڵەتی زیندانەکانمان بپشکنن کە ڕێگە بە ئێمەش بدەن زیندانی هەر وڵاتێک کە پێمان خۆشە سەردانی بکەین و بیپشکنین.!