حکوومەتی کۆریای باشوور 800 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی عێراق لە رێی رێکخراوی یونسێفەوە، تەرخان دەکات. رێکخراوی یونسێف، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی رایگەیاندووە: ئەو هاوکارییەی کۆریای باشوور لە پرۆژەکانی تەندروستی، ئاو، خوێندن و پاراستنی منداڵانی عێراق خەرج دەکرێت. ئەو 800 ملیۆن دۆلارەی هاوکاریی کۆریای باشوور بەشێکە لە پرۆژەیەکی یونسێف بۆ کاری مرۆیی لە پێناو منداڵانی عێراق، کە کاریگەریی کردە تیرۆریستییەکان و کارەساتەکانی دوای پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی نەرێنی کاری کردووەتە سەر ژیانیان. هاوکاریکردنی منداڵانی عێراق لەلایەن یونسێف و کۆریای باشوورەوە لە کاتێکدایە، عێراق یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوت لە جیهان و تەنیا داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە لە مانگێکدا، نزیکەی شەش ملیار دۆلارە.