ئێران ئەفغانییە هەڵاتووەکان رەوانەی وڵاتەکەیان دەکاتەوە

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانە رەوانەی وڵاتەکەیان دەکاتەوە، کە لە ترسی بزووتنەوەی تاڵیبان پەنایان بۆ ئێران بردبوو. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە: ئەو هاووڵاتییانەی ئەفغانستان ”بەشێوەی کاتی“ لە ئێران داڵدەدرابوون. ئەحمەد وەحیدی هەروەها رایگەیاندووە: ”بەشێک“ لەو هاووڵاتییانەی ئەفغانستانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارە خۆجییەکانی ئەفغانستان، رەوانەی وڵاتەکەیان کردووەتەوە. وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی کار بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارە ئافغانییەکان دەکات. بەهۆی لەشکرکێشیی تاڵیبان و دەست بەسەرداگرتنەوەی زۆرینەی خاکی ئەفغانستان، بەشێک لە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان – ئێران، پەنایان بۆ ئێران برد. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد. هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشایەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخێندرا.