جۆ بایدن: هەرگیز ڕێگە نادەین ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم ڕابگات

جۆ بایدن، سەرکۆماری ئەمریکا لە دیدار لەگەڵ نەفتالی بینیت سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، لەبارەی پرسی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە واشنتۆن هەرگیز ڕێگە نادات ئێران  دەستی بە چەکی ئەتۆم ڕابگات. ئەو دانیشتنە کە یەکەم گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆکی وڵات بووە، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بەر لەم دیدارەی ئاشکرای کردبوو “یەکەم و گرنگترین بابەتی ئەو دیدارە چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەیە”. نەفتالی بینیت لەو دیدارەدا لەگەڵ جۆ بایدن ڕای گەیاند: “ڕۆحێکی نوێی هاوکاریی ئۆرشەلیمیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و کۆتاییان بە ١٢ ساڵ سەرکردایەتیی بنیامین نتانیاهۆ هێناوە کە دژایەتیی دیموکراتەکانی ئەمریکای دەکرد”. لە بەرانبەردا سەرکۆماری ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لەبارەی پەرەسەندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی دڵنیا کردووەتەوە کە لە ئەگەری شکستی ڕێکاری دیپلۆماسی بۆ پێشگرتن بە چالاکیی ئەتۆمیی ئێران، بێگومان واشنتۆن ڕێکاری دیکە بەرانبەر بە ئێران دەگرێتە بەر”. جۆ بایدن لەمبارەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە: “ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات”. سەرکۆماری ئەمریکا هاوکات بەڵێنیی ئەوەی داوە واشنتۆن سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیل (گومبەزی ئاسنین)ی ئەو وڵاتە بەهێز و پڕچەک دەکەین. ئەم دیدارەی نێوان جۆ بایدن و نەفتالی بینیت لە کاتێکدا بەڕێوە چوون کە ڕووداوەکانی ئەفغانستان ئاڵۆزتر بوون، هاوکات لە بەغداش لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق و ناوچەکە دەستی پێکردووە.