وەزیری دەرەوەی ئێران لە دووەم سەردانی دەرەوەیدا روو لە دیمەشق دەکات

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دووەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکات. میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە دوای بەشداریکردنی لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا، حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان سەردانی دیمەشقی کردووە. هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، حوسێن عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای رژێمی سووریا کۆ دەبێتەوە. رۆژی 5-8-2021، کابینەی نوێی حکوومەتی ئێران، کە عەبدوڵڵاهیان تێیدا پۆستی وەزیری دەرەوەی ورگرت، متمانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەست هێنا. حوسێن عەبدوڵڵاهیان رۆژی شەممە 28-8-2021، لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات وەک وەزیری دەرەوە، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و بەشداریی کۆنگرەی ”لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی“، کرد. ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێکردووە، بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری، پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات.