زیاتر لە دوو ملیۆن حەبی هۆشبەر لەژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبنانییەوە دەنێردرێتە ئوردن

زیاتر لە دوو ملیۆن حەبی هۆشبەر لەژێر دەسەڵاتی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانییەوە، دەنێردرێتە شانشینی هاشمیی ئوردن. ئەمڕۆ دووشەممە 30-8-2021، ئیدارەی گومرگی ئوردن رایگەیاندووە: دەستیان بەسەر بڕی دوو ملیۆن و 120 هەزار حەبی هۆشبەری (کەپتاگۆن)دا گرتووە، کە لەناو دوو بارهەڵگری گواستنەوەی جلوبەرگ و کەلوپەلی جونکاریدا شاردرابوویەوە. ئەو بڕە زۆرەی ماددەی هۆشبەر، کە هەروەک بەپرسانی گومرگی ئوردن باسی دەکەن بەشێوەیەکی لێزانانە لەناو کەلوپەلەکان شاردرابوویەوە، لە دەروازەی سنوووریی جابر لە سەر سنووری سووریا دەستی بەسەردا گیراوە. دیوی سووریا لە دەروازەی سنووری جابر، لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا و چەکدارانی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانیدایە. پێشتریش لە وڵاتانی ئیتاڵیا، یۆنان، سعودیە و لە لوبنانیش، چەندین جار دەست بەسەر ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆندا گیراوە و سەرچاوە ئەمنی و میدیاییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە حزبوڵڵا بازرگانی بەو ماددە هۆشبەرەوە دەکات. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێکردووە، حزبوڵڵا پاڵپشتیی رژێمی سووریا دژی گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و چەندین ناوچەی سووریا لەژێر دەسەڵاتی ئەو میلیشیایەدایە. نەخشەی بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حزبوڵڵا لە سووریا