مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەریای سوور بەڕێوە چوو

یەکەم مانۆڕی هاوبەشی دەریایی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا و هێزی دەریایی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرنامەی گونجاندنی ئیسرائیل لە پلانی سەنتکام (ئەرکانی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمریکا) دوێنێ سێشەممە لە دەریای سوور بەڕیوە چوو. هاوکات لەمبارەوە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە کە نەفتالی بینیت، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دیداری ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لەگەڵ جۆ بایدن، سەرکۆماری ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی جموجووڵەکانی ئێران لە ناوچەکە پرۆژەی پێکهێنانی (ناتۆی کەنداو)ی بە ئەمریکا پێشنیار کردووە. ئەو مانۆڕە هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەریای سوور پاش گرژی و ئاڵۆزییە دەریاییانەی ئەمدواییانە بووە کە لە نێوان ئێراون و ئسیرالدا ڕوویان داوە. بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەی (هیۆم)ی ئیسرائیل، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو مانۆڕە هاوبەشە دەریاییەدا مەشق و ڕاهێنانیان لەبارەی ئەگەری هێرشە دەریاییەکان و چۆنیەتیی بەرگریی کردووە. لەمبارەوە سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئەم مانۆڕە هاوبەشە (تەقاندنی گوللەی یەکەم) بووە لە چوارچێوەی پلانی هاوبەش و چالاکیی سوپای ئیسرائیل لە چوارچێوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە (سەنتکام)دا. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنیی و دەریاییەکان،  بە ئامانجی  پاراستن و سەقامگیریی ناوچەکە بەشێکە لە هاوکاریی قۆناغی نوێی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل. گواستنەوەی ئەرکی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەرکانی ناوەندیی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەرووپا (یۆکام) بۆ ئەرکانی ناوەندیی هێزەکانی سوپای ئەمریکا ناسراو بە (سەنتکام) یەکێک لە دوایین بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ بووە بەر لە کۆتاییهاتنی پۆستی سەرکۆماریی. لەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دیدار لەگەڵ سەرکۆماری ئەمریکا لە واشنتۆن، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە نەفتالی بینیت پرۆژی پێکهێنانی (ناتۆی کەنداو)ی لە بەرانبەر مەترسییەکانی ئێران داوەتە جۆ بایدن. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی (کان) لەو پرۆژەیەی ئیسرائیلدا ئەمرینشینەکانی کەنداو، هەروەها ئوردن، دەبنە ئەندامی (ناتۆی کەنداو)، هاوکات پێشنیاری ئەوەش خراوەتە روو کە ئەندامانی کەنداوی ناتۆ بە چەکوچۆڵی نوێ و پیشکەوتوو تەیار بکرێن.