سه‌رۆك بارزانى: شۆڕشى ئه‌یلوول ئیراده‌ و بڕوابه‌خۆبوونى بۆ مرۆڤى كورد گه‌ڕانده‌وه‌

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ یادى 60 ساڵه‌ى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕايده‌گه‌یه‌نێت: “هەموو ئەو دەستكەوت و تێكۆشان و گەشەی سیاسییەی لە كوردستاندا هاتووەتە دی درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا”. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11/9/2021، سه‌رۆك بارزانى له‌ یادى 60 ساڵه‌ى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: “شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو لە پێناو مافە نەتەوەیی و مەدەنییەكانی گەلی كوردستان، شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە و بوو بە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و فكری و جەماوەری بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری”. سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: “شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی ڕەسەن و خۆماڵیی كوردستان بوو كە تێیدا هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەیەكەوە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، بۆ یەك ئامانجی پیرۆز خەباتیان كرد، هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی سەروەری و مێژوو و دەستكەوتی گەورە بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكرێن و لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان دەنگ بداتەوە”. هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: “هەموو ئەو دەستكەوت و تێكۆشان و گەشەی سیاسییەی لە كوردستاندا هاتووەتە دی درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا، بۆیە وانە و بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە ڕووناكی ڕێگەی داهاتوومان”. سه‌رۆك بارزانى ده‌شڵێت: “لە یادی 60 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو قارەمان و خەباتگێڕانەی ماندوونەناسانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا ڕۆڵیان هەبووە و قوربانییان داوە، چ ئەوانەی لە ناوماندا نەماون و ئەوانەی كە هێشتا لە ژیاندا ماون، لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی”.