بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك ئاشکرایکرد کە هێشتا هیچ وادەیەک بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دیاری نەکراوە و ئاماژەشی بەوەدا کە پێشبینی دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكان دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە. شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هێشتا دیار نییە كەی دەوامی قوتابخانەكان لە كەركووك و شارەكانی عێراق دەست پێدەكات، بەڵام مامۆستایان لە قوتابخانەكانی كەركووك لە 12ی ئەم مانگەوە دەستبەكار بوونە (موباشەرەیان) كردووە لە قوتابخانەكان و بۆ كردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقین”. بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك گوتیشی: “پێشبینی دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەوامی قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوە”. لەبارەی ئەوەی ئەمساڵ، بە شێوەی ئۆنڵاین خوێندن بەڕێوە دەچێت؟ شێرزاد ڕەشید گوتی: “وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریداوە كە بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەوام لە ناو قوتابخانەكان دەبێت”. سبەی لە هەرێمی كوردستان یەكەم ڕۆژی دەوامی قوتابخانەكان دەست پێدەكات، بەڵام لە كەركووك و شارەكانی دیكەی عێراق، هێشتا هیچ بڕیارێك بۆ كردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان نییە.
كەركووك.. هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکراوە
