بزووتنەوەی تاڵیبان باڵوێزی نوێی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگررتووەکان دیاری دەکات و ئەمریکا و بەریتانیا لەسەر داننان بە حکوومەتەکەی تاڵیبان رێکدەکەون. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لە واشنتن، رێککەوتن لەسەر ئەوەی پێویستە داننان بە حکوومەتەکەی تاڵیبان بە هەماهەنگی بێت و مەرجدار بێت. گوتەبێژی نووسینگەی بۆریس جۆنسۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: بایدن و جۆنسۆن جەختیان لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە دیپلۆماسی و مرۆییەکان بۆ رێگرتن لە روودانی کارەساتی مرۆیی لە ئەفغانستان، کردووەتەوە. هەروەها فەرحان حەق، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرووەکان رایگەیاندووە: تاڵیبان محەمەد سوهێل شاهین، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی، وەک باڵوێزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کردووە. فەرحان حەق ئاشکرای کردووە، کە حکوومەتی تاڵیبان بە فەرمی ئەنتۆنیۆ گۆتێرسی لە بڕیارەکەیان بە دەست نیشانکردنی محەمەد سوهێل شاهین وەک باڵوێزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاگادار کردووەتەوە. شاهین گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان بوو لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە رۆڵێکی سەرەکی لە دانوستاندنەکانی ئەمریکا و تاڵیبان و رێککەوتنیان، هەبوو. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، دواتر حکوومەتێکی کاتی پێک هێنا. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخا.
تاڵیبان باڵوێزی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری دەکات
